نوسینگەی سەرۆکی یەکێتی: داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین هەنگاوی راستەوخۆ بنێت بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتر
زێد نیوز:
نوسینگەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی دۆخی ناوچەکە بڵاوکردەوە و دەڵێت، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین هەنگاوی راستەوخۆ بنێت بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتر. خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە ئاشتییەکی هەمیشەیی هەیە ئەمەش تەنها لەرێگای دیالۆگ و گفتوگۆوە دەستدەکەوێت.
دەقی ڕاگەیەندراوی نوسینگەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.. ئیدانەی ئەو هێرشانەی سەر ئێران دەکەین کە بوونەتە هۆی زیادکردنی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەهەمانکاتدا پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری عیراقیشە. ئەم کارانە بنچینەکانی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان لاوازدەکەن و دەبێتە هۆی ئەوەی مەترسییەکی زیاتر بخاتەسەر ئەو بارودۆخە هەستیارەی کە لە ناوچەکەدا هەیە. ئەمەی ئێستا روودەدات تەنها کارێکی بێباکانە نییە، بەڵکو بەئامانجگرتنی بەئەنقەست و پەکخستنی ئەو دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییانەیە کە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەستیپێکردوون. هەوڵەکانی ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی هاوسەنگ و سەقامگیر، لەڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگەوە بوونەتە هۆی دانانی بناغەیەک بۆ بەرەوپێشچوون بۆ داهاتوو، ئەم کارانەش هێرشێکی راستەوخۆن بۆسەر ئەم هەوڵانە. پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکاری ئەو کەسانە دەکەین کە لەم هێرشانەدا گیانیان لەدەستداوە بەتایبەت سڤیلەکان، کە بەم ئازارە قورس و سەختەدا تێپەڕدەبن. داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین هەنگاوی راستەوخۆ بنێت بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتر. خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە ئاشتییەکی هەمیشەیی هەیە ئەمەش تەنها لەرێگای دیالۆگ و گفتوگۆوە دەستدەکەوێت. جەخت لەوەش دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان ئارام و سەقامگیر بێت و بە ئاشتی بمێنێتەوە. هەموو هەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ بۆ دڵنیابوونەوە لە پارێزگاریکردن لە خەڵکەکەمان و ئەو سەقامگیرییەی کە زۆر بە جددی کارمان بۆ کردووە، تەنانەت لەو کاتانەشدا کە ئاڵۆزی چواردەوری گرتووین. نووسینگەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
|
زیاتر...